بۆ دۆزی رۆژئاوا
وەزیری رۆشنبیری سوپاسی یەکدەنگی میدیاکان و رۆشنبیرانی کوردستان دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
وەزیری رۆشنبیری سوپاسی یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی میدیاکان و رۆشنبیران دەکات لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێم لە پەیامێکدا بەناوی وەزارەتەکەیەوە سوپاس و پێزانین بۆ کۆدەنگی و هەماهەنگی کەناڵەکانی راگەیاندن (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی) و نووسەران، رۆشنبیران، هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەبڕێت، لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و رێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەکردووە، یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و “وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو رزگاری نیشتمانیدا”.
روونیکردووەتەوە، ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و رێگر بووە لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە، کە دژی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خرابوونەکار و هەوڵی شێواندنی راستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دەدا.
داواکاریشە لە هەموو لایەک بەو گیانە نیشتمانی و نەتەوەییە و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام بن لە گەیاندنی راستییەکان.