کۆمەک کۆدەکەنەوە
خانەقین بۆ ڕۆژئاوا؛ “ئەوەی لەوێ روودەدات وەک ئەوەیە لە خانەقین بێت”
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
هاوڵاتیانی خانەقین کەمپینێکی بەرفراوانیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، سەرپەرشتیارانی کەمپینەکە دەڵێن، خەمی رۆژئاوا خەمی خانەقینە و هیچ جیاوازییەکی نییە.
حوسێن جەلیل، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەمپینەکە بە 964ـى راگەیاند: “ئەو هەستی نەتەوایەتییەی لە خانەقین هەیە، زەحمەتە لە شارەکانی تردا هەبێت، ئێمە هەمیشە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی پاڵپشتی خوشک و براکانمانین لە هەر شوێنێکی ئەم نیشتمانە بن.”
سەبارەت بە دۆخی ئێستای رۆژئاوا و ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکان، حوسێن جەلیل وتی: “ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات، لای ئێمە وەک ئەوەیە لە ناو خانەقین بێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان.”
ئەم هەڵمەتەی خانەقین لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، جوڵەیەکی جەماوەریی گەورە بۆ پشتیوانیی مرۆیی و مەعنەوی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح