وەک هاوخەمی بۆ کەزی کچە شەڕڤانەکەی رۆژئاوا
کەزیەکی دوو مەتری لەناو بازاڕێکی سلێمانی هەڵواسرا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
کاسبکاران لە ناوەڕاستی یەکێک لە بازاڕەکانی سلێمانی، پرچێکی دوو مەتریان بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان هەڵواسیوە، دەشڵێن ئەمە پەیامێکی قووڵی هاوسۆزییە بۆ کەزیە بڕاوەکەی کچە شەڕڤانەکەی رۆژئاوای کوردستان کەسبکارانی بازاڕەکە بەم هەنگاوە دەیانەوێت بڵێن کە پرچی ژنی کورد هێمای شکۆ و ئیرادەیە و بە بڕینی، هەزاران پرچی دیکە دەهۆنرێتەوە.
شێروان بەختیار، کە یەکێکە لە فرۆشیارانی بازاڕەکە بە 964ـی وت، “ئەم پرچە درێژییەکەی دوو مەترە و بۆ ئێمە وەک تاجێکی سەر وایە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی ئەوەی گەشتیارێکی زۆری عەرەب و بیانی سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن، ویستوویانە لە رێگەی ئەم سیمبوڵەوە پەیامی هاوسۆزیی خۆیان بگەیەنن و پیشانی بدەن کە هەموویان یەکدەست و پشتیوانی خەباتی ژنانن دژی هەر چەشنە داپڵۆسینێک و کۆمەڵێک جلوبەرگیشیان وەک هاوکاری ناردووە بۆ کوردانی رۆژئاوا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر