هەولێرو بەغدا دەیانەوێت لە شەش مانگدا لەسەر بودجەو نەوت رێککەون
وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا
میدیازان – فەرمان سادق – دیسکی هەولێر
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی ئەوبەشەی کارنامەکەی حکومەتی نوێی عێراق دەچێتە بەغدا کە تایبەتە بە پرسی بودجەو نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی کونسڵخانەی ئەمەریکا رایگەیاند لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی میدیازان، لەبڕگەی ٢٠ تا ٢٣ـی کارنامەی محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە ١٣ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدرا، باس لە چارەسەری کێشەی بودجەو نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا کراوە.
دکتۆر نەرمین عوسمان، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیازان روونی کردەوە، بەپێی کارنامەی حکومەتی نوێ بێت ئەوا دوو لیژنە کە لە کەسانی پسپۆڕ پێکدێن لەنێوان هەولێرو بەغدا دروست دەکرێت، ئەوانیش لیژنەیەکی ئابووری لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ نووسینەوەو داڕشتینی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ.
میدیازان دەزانێت، بەگوێرەی ناوەڕۆکی خاڵەکان بێت، ئەوا پێداچوونەوە بە رابردووی پرسی نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا دەکرێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها هەڵمەتی گرژ کردنەوەی پەیوەندییەکان لەلایەن بەغدا بوەستێنرێت و گوشار نەخرێتەسەر کۆمپانیاکانی لەسێکتەری نەوتی کوردستان کار دەکەن، داڕشتنی دنیابینییەک لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولیرو بەغدا بۆ کاری داهاتوو، هەروەها نووسینەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازو رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
پەرلەمانتارە کوردەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وتی “گرنگە شاندەکانی لەکوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، هەماهەنگیان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان هەبێت تا هەردوولا بەرچاوروونیان هەبێت لەسەر ئەوەی گەیشتووین بەکوێ تا لەناو هۆڵی پەرلەمان لەپرسی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە، ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدا هەبین و بزانین چیمان دەوێت لە بودجەدا جێگیر بکرێت”.
کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بەشێکیان کێشەی کەڵەکەبوون وەک یاسای نەوت و گاز، هەرچی پەیوەندی بە بودجەی هەرێمی کوردستانیش هەیە ئەوا دوای راگەیاندی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ لە کوردستان، حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەساڵی ٢٠١٤ـەوە بڕیوەو تائێستا بەردەوامە. ئەگەرچی لەم ماوەیەدا، بەشێوازی جیاواز، بەغدا بڕێک پارەی بۆ هەرێم ناردووە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران.