"کات دەکوژن و داوای پارەی زیاتر دەکەن"
دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سەگرمە لە کەلار گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبووی سەگرمە لە کەلار گردبوونەوە و دەڵێن، دەبوو مانگی 4ـی ئەمساڵ خانووەکانمان تەواو بکرایە، بەڵام تا ئێستا ھەر ھەیکەلە.
دیار مستەفا یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “کێشەمان لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، کێشەی کاتە، چوار ساڵی رەبەقی تەواو کردووە، کەچی تا ئێستا یەک خانوویان رادەست نەکردووە و هەمووی هەیکەلە”.
“هەرکام لە ئێمە پێنج بۆ شەش قیستمان داوە، کۆمپانیاکە کاتی کوشتووە و تازە بەتازە دەڵێن وەرن با رێککەوتن بکەین”، دیار مستەفا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە داوای پارەی دیکە دەکەن و دەیانەوێ دوو ساڵی دیکە مۆڵەتیان پێبدرێت.
پرۆژەی نیشتەجێبونی سەگرمە کە بۆ فەرمانبەران دروستکراوە لە کەلار، پرۆژەیەکی وەبەرھێنانە، لە ھەزار و 200 خانوو پێکدێت و بەقسەی خاوەن پشکەکان، لەو ژمارەیە تائێستا تەنیا 42 خانوویان تەواوکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری