ئەم هەفتەیە دوکانداران وەرى دەگرن
دابەشکردنى هاوکارییەکان بەسەر لێقەوماوانى چەمچەماڵ بەردەوامە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانى
تائێستا دابەشکردنى هاوکارییەکان بەسەر لێقەوماوانى چەمچەماڵدا بەردەوامى هەیە و بڕیارە ئەم هەفتەیەش دوکانداران و شوێنە بازرگانییەکان و ئەوانەى سکاڵایان هەبووە، هاوکارى وەربگرن.
رێژەى سەرکەوتنى دابەشکردنى هاوکارییەکان 93.1% بووە
عەتا محەمەد، سەرۆکی لیژنەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی قەزاى چەمچەماڵ بە 964ـى وت،”رۆژى دووشەممە و سێشەممەى ئەم هەفتەیە، بەسەر دوکاندار و شوێنە بازرگانییەکان ئەوانەى لە لافاوەکەى 9.12.2025، زیانیان بەرکەوت، دابەش دەکرێت”.
لەبارەى قۆناغى یەکەمى دابەشکردنى هاوکارییەکان و سکاڵاى هاوڵاتیان، عەتا محەمەد وتى،”رێژەى سەرکەوتنى پڕۆسەکە 93.1% بووە، چونکە رێژەى سکاڵاکان 6.9% بووە، ئەوەشى سکاڵاى کردبێت بەدواداچوون و وردبینى بۆ کراوە، هەر بۆیە رۆژى سێشەممە بەشێک لەو هاوکارییانەى دابەش دەکرێن، بۆ ئەوانەیە کە دواى وردبینى لە سکاڵاکانیان، گەیشتووین بەوەى کە پێویستە هاوکارى زیاتر وەربگرن”.
ئاشکراشى کرد، لەئێستادا لە ئەکاونتى هاوکارییەکە بڕى 10 ملیار و 110 ملیۆن دینار، لەگەڵ 3 ملیۆن و 220 هەزار دۆلار هەیە، بڕى 2 ملیار و 719 ملیۆن و 77 هەزار دیناریش هاوکارى دابەشکراوە، بەسەر 1231 یەکەى نیشتەجێبوون و 669 ئۆتۆمبێل.
روونیشى کردەوە، لەماوەى رۆژانى پاککردنەوەى چەمچەماڵیش 7400 تۆن قوڕو لیتە، فڕێدراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح