ئەوە نەما بە ئارەزووی خۆت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئەوروپی بکڕیت
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لەمەوبەدوا مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئەوروپی قەدەغەیە. ئەوە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆکە بۆ هاوڵاتییان و خاوەن پێشانگاکان.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئەوروپی نایاسایین و لە کاتی بینینیاندا لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ شۆفێرانیان دەکرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.
هاتووچۆی دهۆک بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێڵانەی بۆ سەرجەم پیشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵ لە دهۆک ناردووە.
دلبرین تەڵوەیی، خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلی ئەبوو موشتاق، بە تۆڕی 964ـی وت، ئەوان ئاگاداری بڕیارەکەی هاتووچۆی پارێزگای دهۆکن، بەڵام تا ئێستا نووسراوی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە.
دلبرین ئەوەشی وت “پێویستە بڕیارەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و رێگری لەو مامەڵانە بکرێت نەک تەنها لە پارێزگایەک”.
تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لە پارێزگاکە بوونی نییە، کە ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و ئەورووپییەکان دەربخات.
ئازاد تەها، بەرپرسی راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک بە توڕی 964ـی راگەیاند: بۆ ئەوەی هاوڵاتییان و پێشانگاکان لە لێپێچینەوە دوور بن و پارێزراو بن ئەو بڕیارە دەرکراوە.
دەشڵێت؛ هەر خاوەن پیشانگایەک مامەڵە بەو ئۆتۆمبێلانەوە بکات بە پێی یاسا سزا دەدرێت و ئەگەر بەدەست هاوڵاتییانیشەوە بگیرێن ئۆتۆمبێلەکانیان لێ وەردەگیرێت.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، زیاتر لە 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هێندراونەتە هەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد