پێشانگەی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سلێمانی کرایەوە
964+
پشکۆ مستەفا
پێشانگهی ساڵانەی بەشەکانی پەروەدرەی پیشەیی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی 2022 – 2023 کرایەوە.
ئەمڕۆ 7.3.2023 لە کارگەی کولتووری (کارگەی جگەرەی سلێمانی) بە دەستپێکی ژەنینی موزیکی دوو خوێندکاری لێهاتوو، پێشانگهی ساڵانەی بەشەکانی پەروەردەی پیشەیی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سلێمانی دهستیپێكرد.
لە پێشانگهکەدا هەر قوتابخانە و بە جیا نمایشی چەندین کاری دەستی جۆراوجۆریان خستەڕوو، کە بەرهەمی هاوبەشی قوتابی و مامۆستاکان بوون پێکەوە، سەرجەم بەرهەمەکان رەنگدانەوەی کاری زۆر و هیلاکی و دەستڕەنگینی و هەوڵی مامۆستا و قوتابییەکانی لەخۆگرتبوو.
مامۆستا فەرمان فوئاد محەمەد یاریدەدەری پیشەیی لە قوتابخانەی دڵدار، بۆ تۆڕی 964 وتی: “ئەم کارانەی کراون بەتایبەتی ئەم خانووانەی گوزارشت لە گوندێکی کوردستان دەکەن، هەمووی کاری قوتابییەکان خۆیانە، کە لە ماوەی 10 ڕۆژدا ئەنجامیانداوە”.
مامۆستا چۆپی رەزا ئەحمەد، یاریدەدەری قوتابخانەی جەمالی حاجی عەلی دوو، بەشی پیشەیی، بۆ تۆڕی 964 وتی، “ئێمە وەکو مامۆستایانی بەشی پیشەیی، هەوڵی زۆرمان لەگەڵ قوتابییەکان داوە تاکو فێریان بکەین و ئامادەیان بکەین بۆ ئەم جۆرە پێشانگهیانە، تا بەهرە و کارە دەستییەکانیان بخەنەڕوو”.
چاوەڕوان ئازاد، قوتابی له قوتابخانەی جەمالی حاجی عەلی دوو، بۆ تۆڕی 964 وتی: “دووهم ساڵه بهشداریی دهكهین، مامۆستاکان توانیویانە فێری فەرشچنینمان بکەن، کە ئەمەش بۆ ئێمە شتێکی زۆر خۆشە لەم تەمەنەوە فێری ئهم كاره بین”.
بەهۆی ئەوەی قوتابیان ئێستا سەرقاڵی خوێندن و تاقیکردنەوەکانن، بڕیارە قوتابییەکان قۆناغ بە قۆناغ و بە شێوەیەکی رێکخراو لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیان بهێنرێن بۆ سەردانیکردنی پێشانگهکە و بینینەوەی کارەکانیان.
جێی باسە پێشانگهکە رۆژانە لە کاتژمێر 9 بەیانی تاکو 5 ئێوارە به رووی میواناندا کراوە دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا