بارانی بەخوڕ و لافاو هۆکاربوون
بۆرییەکی سەرەکی کۆمپانیای غازی باکوور لە داقوق تەقییەوە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
بۆرییەکی سەرەکی کۆمپانیای غازی باکوور لە قەزای داقوق بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە تەقییەوە و بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکەی بێ کارەبا کرد.
ئەندازیار سەباح عەلی لە کۆمپانیای نەوتی زەمبور لە سنووری داقوق بە 964ـی وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.12.2025 بەهۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز، یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی غازی باکوور تەقییەوە و بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی زۆری ناوچەکە بڕا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێی ئەو بۆرییەوە غازی کۆمپانیای زەمبور بۆ بەشی کارەبای ناحیەی تازە لە باشوری پارێزگای کەرکوک دەگوازرایەوە، لەئێستاشدا لەهەوڵدان کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەن.
هەر ئەمڕۆ لە قەزای خورماتوو پردی پشتێنەی قەزاکە ئاوبردی و بەسەدان بارهەڵگر لەو رێگایەدا مانەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری