بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو
شارەوانی رانیە سەرقاڵی دروستکردنی ئاوەڕۆ و پاککردنەوەی چەناڵەکانە
964+
ژێوار خدر
پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی بە درێژی 30 مەتر لە گەڕەکی رزگاری رانیە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاوی لافاو و پاراستنی گەڕەکەکە لە مەترسییەکانی وەرزی بارانبارین کە لە چەند رۆژی رابردوودا شارەوانی رانیە هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەستیپێکردووە.
سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە رایگەیاند، جگە لە پڕۆژەکەی ئەمڕۆ، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تیمەکان توانیویانە چەناڵێکی گەورە لە بناری کێوەرەش دروست بکەن بۆ دوورخستنەوەی ئاوی لافاو لە سەنتەری شار و بۆ سێ رۆژ لەسەریەک کار بۆ پاککردنەوەی چەناڵەکانی بناری کێوەرەش کراوە تاوەکو رێڕەوی ئاوەکە بە بێبەربەست بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵمەتەکە تەنیا بناری کێوەرەشی نەگرتووەتەوە، بەڵکو تیمەکان بەردەوامن لە خاوێنکردنەوەی چەناڵی کراوەی پشت فێرگەی “برادۆست” کە یەکێکی دیکەیە لە خاڵە گرنگەکان بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو، ئەم زنجیرە کارانەی شارەوانی ڕانیە کە لە 13ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکییان دڵنیاییدانە بە هاوڵاتییان کە لە کاتی بارانی بەخوڕدا ماڵ و شوێنە گشتییەکان پارێزراو دەبن لە لافاو.