پۆلیسی هاتوچۆ لە بەغدا
بەغدا
ئایا 980 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دزراوە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە سەبارەت بە دیارنەمانی 980 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاوبوونەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا كە 964 بینیویەتی، بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، “ئەو شتانە ڕەتدەکەینەوە کە ماوەیەکە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە لێدوانێک کە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆ، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “نازانین کێ داهاتی وەزارەتەکەی دزیوە کە بڕی 980 ملیار دینارە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە”، بەڕێوەبەرایەتیی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم بابەتە لەلایەن ئەوانەوە دەرنەچووە و بە تەواوی درۆیە و هەواڵی ناڕاستە بڵاوکراوەتەوە، هەوڵێکی شکستخواردووشە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکات، بە تایبەت پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ بۆ دڵنیابوون لە هەواڵەکان، دووپاتیشی دەكەنەوە، “رێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر کەسێکدا دەگیرنەبەر ئەم هەواڵە ناڕاستەی بڵاوکردبێتەوە”.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە لە رۆژانی رابردووش باس لە دزرانی 2.5 تریلیۆن دینار لە پارەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە بەغدا كرا.