12 ملیاری تێچووە
هەفتەی داهاتوو یەکتربڕەکەی تۆفیق وەهبی دەکرێتەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی یەکتربڕی تۆفیق وەهبی بەگ لەسەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود لە سلێمانی کۆتایی دێت، سەربەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێ، یەکەم ئامانجی پڕۆژەکە کە بەدەستی دەهێنی کەمکردنەوەی قەرەباڵەغییە.
توانا محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە لەگەڵ پەیامنێرمان هاتوچۆیەکیان لە پڕۆژەکە کرد و بە 964ی وت، لە چوار لاینەوە شۆفێر دەتوانێ بێتە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود، ئەوە جگە لەوەی شەقامێک لە خوارەوەی پڕۆژەکە هەیە و پانییەکەیان 10 مەترە، هەردوو دیووی رۆژهەڵات و رۆژئاوای یەکتربڕەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پڕۆژەكە بریتییە لە سێ قۆناغ، قۆناغی یەكەم تەواو بووە و شەقامی لاوەكی بوو، قۆناغی دووەم سەری ئەندەر پاسەكەبوو، كە دەكەوێتە سەر بازنەی مەلیك مەحمود، قۆناغی سێیەم كە قۆناغی كۆتاییە و كاری تێیدا دەكرێت، بریتیە لە ئەندرە پاسەكەی ژێرەوە، كە شەقامی سالم بە گەڕەكی چوارچرا دەبەستێتەوە.
بەتەواو بوونی یەکتربڕی تۆفیق وەهبی، لۆد و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود كەم دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی سلێمانی دەگەیەنێت بە رۆژئاوای سلێمانی.
هەروەها، دەبێتە هۆی بەیەکەوە بەستی شەقامی سالم بە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و لە دیوی رۆژئاواشەوە گەڕەکی چوارچرا بە یەکتربڕەکەوە، هەروەها ئاسانکاری تەواو بۆ جوڵەی هاتوچۆ لە گەڕەکەکانی رزگاری، ئابڵاخ، موشیرئاوا و ناوچەی پیشەسازی دەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا