"کۆمپانیاکە فریا ناکەوێت"
ھەفتەیەکە زبڵ و خاشاکی گەڕەکێکی دەربەندیخان کۆنەکراوەتەوە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
گەڕەکی کانی سارد لە قەزای دەربەندیخان ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە زبڵ و خاشاکی ماڵان کۆنەکراوەتەوە و لەپێش ماڵەکان بەرزبووەتەوە، شارەوانی قەزاکەش دەڵێت،”کۆمپانیای پاککەرەوەکە فریا ناکەون”.
زریان سابر سەرۆکی شارەوان قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، کۆمپانیای ئۆرانۆس کاری ھەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاکی قەزاکە دەکات، ئەو تەندەرینەش زیاتر لە 10 ساڵ پێش ئێستا کراوە ئەوکات دەربەندیخان ژمارەی گەڕەکەکانی کەمتر بووە، کارمەند و ئامێری پێویستیان نیە بۆ ئێستای قەزاکە.
“کانی سارد و سیروان و سەلیم پیرک، پێشتر گوند بوون بەڵام تێکەڵی شار بوونە و بوون بە سێ گەڕەک، کۆمپانیاکە ناتوانێت بڕواتە ئەو سێ گەڕەکە بەھۆی کەمی ئامێر و کارمەند، لە ھەفتەیەکدا رۆژێک یان دوو رۆژ دەڕۆنە ئەو سێ گەڕەکە، ھەفتەی رابردوش شۆفێری بارھەڵگرەکە گۆڕابوو بۆیە خاشاکی گەڕەکی کانی سارد کۆبۆتەوە”،زریان سابر وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، داوامان لە سەروی خۆمان کردوە بۆئەوەی دەستکاری ئەو تەندەرینە بکرێتەوە و ژمارەی ئامێر و کرێکارەکانی ئەو کۆمپانیایە زیاد بکرێت، بۆئەوەی فریای ھەموو گەڕەکەکانی دەربەندیخان بکەون.
قەزای دەربەندیخان لە 17 گەڕەک پێک دێت، جگە لەو سێ گەڕەکە ئەوانی دیکە رۆژنارۆژێک 70 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی