دژی یادی به‌قه‌زابوونی كه‌لار گردبوونه‌وه‌

+964
هونەر فارس- گەرمیان

بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی کەلاری کۆن، دژی یادکردنەوەی رۆژی بەقەزابوونی کەلار گردبوونەوە و پێیان وایە مێژووەکەیان شێوێندراوە.

گردبوونەوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 28.2.2023 لە بەردەم قوتابخانەی شێروانە لە گەڕەکی کەلاری کۆن، بە دروشمی “مێژوو بە ئەمانەتەوە بنووسن، کەلاری کۆن گەڕەک نییە، بەڵکو دایکی کەلارە”، دەستیپێکرد.

ئامانج لە گردبوونەوەکەیان، فەرامۆشکردن و باسنەکردنی مێژووی پێش بەقەزابوونی کەلارە و پێیان وایە مێژووی کەلار شێوێندراوە.

خۆشناو محەمەد دانیشتوویەکی گەڕەکی کەلاری کۆنە، بۆ تۆڕی 964 وتی، “ئەو یاده‌ی ساڵانە دەکرێنەوە، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ساڵی پێش خۆیدا نییە و خەڵک هەموو رێوڕه‌سمه‌كانی لەبەر کردووە”.

وتیشی، “پێویستە لەو یادانەدا کاری گەورەی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە ئەنجام بدرێت، لەپاڵ ئەوانەشدا هەوڵ بۆ ناساندن و پشتڕاستکردنەوەی مێژووی شارەکە بدرێت لە زانکۆ و دامودەزگه‌ حکومییەکاندا”.

سەربەست ئەحمەد، هونەرمەنده‌ و دانیشتووی گەڕەکی كه‌لاری كۆنه‌، ئه‌و بۆ تۆڕی 964 وتی، “مێژوو لە ناوەڕاستەوە ناگێڕدرێتەوه‌ و ناکرێت ‌غەدر لە مێژوو بکرێت، چونکە پێش ئەو 53 ساڵەش، ژیان و ئاوەدانی لە کەلاردا هەر هەبووە”.

لە28ی شوباتی ساڵی 1970بە مەرسومی کۆماریی حکومەتی ئەوکاتی عێراق، بڕیاردرا کەلار لە گوندەوە بکرێتە قەزا، ئێستاش کەلار زیاد لە 35 گەڕەک لەخۆ دەگرێت، بەڵام وه‌ك خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ ده‌ڵێن، تا ئێستا خزمەتگوزاریی لە قەزاکەدا بە گوێرەی پێویست نییە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا