خەڵک پێى سەرسامن
ماینێکی کوردیی رەسەن کە نرخەکەی زیاتر لە 10 هەزار دۆلارە
964+
محەمەد عەلى- راپەڕین
لە فێستیڤاڵی پایزەدا لە سنووری ناحیەی بنگردی سەر بە قەزاى دوکان، ماینێکی کوردیی تەمەن شەش ساڵ نمایش کرا کە بەهۆی جوانی و رەسەنایەتییەکەیەوە بە بەهایەکی زۆر دەخەمڵێنرێت، خاوەنەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ نرخێک نایفرۆشێت و تەنیا مەبەستیان وەچە لێخستنەوەیەتی.
چۆمان جەبار، راهێنەری ئەسپەکە، بە 964ـی راگەیاند: “ئەم ماینە ناوی ‘باخان’ـە و تەمەنی شەش ساڵە، جوانی و تایبەتمەندیی وا لەخۆدەگرێت کە خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام ئێمە بە هیچ نرخێک نایفرۆشین، چونکە دەمانەوێت وەچەی لێ بخەینەوە لەبەر ئەوەی ماینێکى رەسەنی کوردییە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە ماینەکەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هاتووە و وتیشی: “چەندین ئەسپی دیکەمان هەیە، بەڵام ‘باخان’ تایبەتترینیانە، جوانی و رەسەنایەتییە کوردییەکەی سەرنجی خەڵک و گەشتیارانی راکێشاوە و زۆر کەس ئارەزووی کڕینی دەکات، بەڵام ئێمە بڕیاری فرۆشتنیمان نییە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح