یان بۆ هەر مەترێک 5000 دینار بدەن بە شارەوانى

15 رۆژ مۆڵەتە و سەرجەم فلێکس و پۆستەرەکانتان لادەبرێن

964+
سیروان خورشید- خورماتوو

لەمەودوا، هیچ کاندیدێک بۆی نییە بەبێ ئاگاداری و مۆڵەتی شارەوانی خورماتوو، پۆستەر و وێنەکانی لە شوێنە گشتییەکان و لەسەر شەقامەکان هەڵبواسێت، 15 رۆژیش دیاریکراوە بۆ کاندیدان کە بچنە شارەوانى و بۆ هەر مەترێک فلێکس و پۆستەر 5000 دینار بدەن، بەپێچەوانەوە سەرجەم پۆستەر و ریکلامەکان لادەبرێن.

هیوا غالیب، بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو، بە 964 رایگەیاند کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت پابەندی ڕێنماییەکان بن.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، کاندیدان دەبێت بڕە پارەیەک بە شارەوانی بدەن لە بەرامبەر هەڵواسینی پۆستەرەکانیاندا، بڕی پارەکەش بەگوێرەی ژمارەی پۆستەرەکان بۆ هەر کاندیدێک دیاری دەکرێت.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بڕى 5000 دینار دیاریکراوە بۆ هەرمەترێک پۆستەر و فلێکس کە لەسەر شۆستە و شەقامەکان دانراون.

روونیشى کردەوە، شارەوانی خورماتوو شوێنی تایبەت بۆ هەڵواسینی پۆستەری کاندیدەکان دیاری دەکات، تاوەکو سیمای شارەکە تێکنەچێت و رێگری بکرێت لە هەڵواسینی پۆستەر لە شوێنی قەدەغەکراو.

جەختیش دەکاتەوە، هەر کاندیدێک سەرپێچی رێنماییەکان بکات و بەبێ پرسی شارەوانی یان لە شوێنی قەدەغەکراو پۆستەر هەڵبواسێت، رووبەڕووی سزای پێبژاردن دەبێتەوە و دەستبەجێ پۆستەرەکانی لادەبرێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح