دوای چل ساڵ چی دەبێت؟
سیناریۆکانی گەیشتنی عێراق بە مۆندیال
بەشی وەرزش
سبەی شەو عێراق لەبەردەم یارییەکی چارەنووسسازدایە، کاتژمێر 10:30 شەو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیندۆیسیا یاری هەیە، بۆ ئەوەی چانسی گەیشتنی هەبێت بە مۆندیالی 2026 هەرچی کردووە دەبێ بیباتەوەو لانی کەم لە دوو گۆڵ زیاتر بکات.
عێراق لە گروپێکدایە لەگەڵ سعودییەو ئیندۆنیسیا، ئەگەر ئەم یارییە بە فەرقێکی باش بباتەوە و یاری داهاتوو لەگەڵ سعودییە یەکسان بێت، ئەوا دەبێتە یەکەمی گروپەکەی و بێ سەرئێشە دەگاتە مۆندیال، خۆ ئەگەر دووەم بێت ئەوا دەبێت بچێتە ناو گێژەڵوکەی چەند یارییەکی تر تا لێی دەرباز دەبێت.
سیستەمی نوێی پاشکۆ رەحم بەکەس ناکات
ئەم سیستەمە نوێیەی پاڵاوتنی هەڵبژاردە پاشکۆکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تا گۆڵ زیاتر بکەیت باشترە، چونکە حیسابەکان بەم شێوەیەیە:
1. ژمارەی ئەو خاڵانەی هەڵبژاردەکە لە سەرجەم یارییەکانی کۆمەڵەکەدا بەدەستی هێناوە.
2. جیاوازیی گۆڵ لە سەرجەم یارییەکانی کۆمەڵەکەدا.
3. ژمارەی گۆڵە تۆمارکراوەکان لە سەرجەم یارییەکانی کۆمەڵەکەدا.
ئەگەر هەڵبژاردەکان لەم پێوەرانەی سەرەوە یەکسان بوون، ئەوا دەچنە سەر کۆمەڵە پێوەرێکی تر:
1. ژمارەی خاڵەکانی نێوانیان
2. ئەو دوو هەڵبژاردەیەی یەکسانن چەند گۆڵیان هەیە.
3. ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە نێوان خۆیاندا چەند گۆڵیان کردووە.
خۆ ئەگەر لەمەشدا یەکسان بوون ئەوە دەچنە سەر گروپی سێیەمی پێوەرەکان:
1. یاری پاک (ژمارەی کارتە سوورو زەردەکان).
2. تیروپشک کە لەلایەن فیفا یان یەکێتی تۆپی پێی کیشوەرەکەوە ئەنجام دەدرێت.
حیساباتی عێراق
چوارشەممەی رابردوو سعودییە لە ئیندۆنیسیای بردەوە (3 بە 2)، ئێستا دەبێت عێراق بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر لە ئیندۆنیسیا بباتەوە بۆ ئەوەی گۆڵێک لە پێش سعودییەوە دێت.
یارییەکەی عێراق شەممە سەعات 10:30 لە یاریگای شا عەبدوڵا دەکرێت لە جەدە.
دوای ئەوە ئینجا عێراق و سعودییە رووبەڕوو دەبنەوە، هەر کامیان بیباتەوە ئەوا سەردەکەوێ بۆ مۆندیال، ئەگەر یەکسانیش بوون ئەوا مادام بە پێی سیناریۆکە عێراق گۆڵێک لە پێشەوەیە سەردەکەوێت.
عێراق تاکە جارێک بەشداری مۆندیالی کردووە ئەویش لە ساڵی 1986 لە مەکسیک، ئەگەر ئەمجارە سەربکەوێت ئەوا دوای 40 ساڵ بەو خەونەی دەگاتەوە.