رەنگە بارانەکەی سەنا بەرزنجی بێ پرس باریبێت
+964
پەرستۆ ساڵح
پاش پێنج رۆژ لە بڵاوکردنەوەی گۆرانی “باران”، سەنا بەرزنجی لەلایەن دەرهێنەرێکی سینەماییەوە هەڕەشەی سڕینەوەی بەرهەمەکەی لێدەکرێت.
رۆژی 21ی شوبات سەنا بەرزنجی گۆرانی “بارانی” بڵاوکردەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن کەسێکەوە بەناوی فەریاد مەجیدئابادی بە ڤیدیۆیەک هێرشکرایە سەری و رایگەیاند کە ئەو بەرهەمە ئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی و سەنا بەرزنجی بەبێ رەزامەندی بڵاویکردووەتەوە.
فەریاد مەجیدئابادی تایبەت بە تۆڕی 964ی وت، “من لە رێگای ئۆنلاینەوە سکاڵا دەکەم و بەپێی ئەو بەڵگانەی لام هەیە بە زووترین کات دەیسڕمەوە لە چەناڵی یوتیوبەکەی سەنا بەرزنجی، قسەشم لەگەڵ کۆمپانیای ڤین کردووە کە بەرهەمێنەری گۆرانی بارانن”.
ئەو دەرهێنەرە بانگەشەی ئەوە دەکات، هۆنراوەی باران و ئاوازەکەی لە ساڵی 2021 لەلایەن خۆیەوە دانراوە، پاش 11 مانگ لەگەڵ سەنا بەرزنجی بڕیاردەدەن پێکەوە کاربکەن بە رێککەوتنێکی زارەکی، هاوکات جگە لەم بەرهەمە پێکەوە ئەلبومێکی نوێ ئامادە بکەن، بەڵام پاش ئەوەی سەنا بەرزنجی بڕیار دەدات ئاهەنگی شەوانە سازبکات، فەریاد پەشیمان دەبێتەوە و رازی نابێت کارە هونەرییەکانی لە ئاهەنگی شەوانە پێشکەش بکرێت، بە قسەی خۆی.
لە بڵاوکردنەوەی گۆرانیەکەدا سەنا بەرزنجی ئاماژەیداوە بەوەی کاری موزیک و ئاوازی گۆرانیەکە لەلایەن هومەن ئازماوە دانراوە و هۆنراوەی کاوە عەلیە، بەڵام لە رێگای ستۆری ئینستاگرامەوە هومەن ئازما رەتیکردەوە ئاوازی ئەو گۆرانیە لەلایەن ئەو دانرابێت و داواش دەکات نەخرێتە کێشەیەکەوە کە پەیوەندی بەو نییە.
فەریاد مەجیدئابادی کە دەرهێنەری سینەمایی و ئاوازدانەر و هۆنراوەنوسە لە قسەکانی بۆ تۆڕی 964 باس لەوەش دەکات، ” کە لە بەرامبەر هیچ بڕە پارەیەک بەرهەمەکانی نەفرۆشتووەتەوە بە سەنا بەرزنجی و ناوی خاوەنی هۆنراوەکەش وەهمیە و راست نییە”.
سەنا بەرزنجی 22 ساڵ تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەگەرچی 964 هەوڵیدا پەیوەندی پێوە بکات، بەڵام بەردەست نەبوو.
پێداچوونەوە هێمن بەکر