لە هاوین و زستان بێخەم بیچێنن

لە هەولێر توێژینەوە كراوە بۆ ئەوەی لە ساڵێكدا دووجار گەنم بچێندرێت

+964

فەرهاد حەسەن

توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر دوای چەند ساڵێك لێكۆڵینەوە و توێژینەوە كردن، بۆیان روونبووەوە كە جوتیاران دەتوانن جگە لە وەرزی هاوین، بە زستانانیش گەنم بچێنن و بەبێ هیچ كێشە و گرفتێكيش بەرهەمەكەی بچننەوە.
عەبدولسەمەد محەمەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، ئەوە ساڵی سێیەمیانە كار لەسەر دووجار چاندنی گەنم لە ساڵێكدا دەكەن و كارەكەشیان سەركەوتوو بووە.
وتیشی “كاتەكانی چاندنی یەكەمجاری گەنم لە وەرزی هاوین، لە كۆتایی مانگی تەممووز و جاری دووەمیش لە وەرزی زستان لە مانگی كانوونی دووەمدا دەچێندرێت”.
پێشتر تاقیكردنەوە بۆ چاندنی گەنمەكەیان لە وێستگەیەكی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەنتییەكەیان لە قەزای كۆیە ئەنجامداوە و ئەمساڵیش هەمان ئەو تاقیكردنەوەیان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا كردووە و گەنمە چێندراوەكە شین بووە و گەشەی كردووە، بەڵام بەڕێوەبەری توێژینەوە دەڵێت، چاندنی هەردوو جارەكەی گەنم لە یەك ساڵدا بەپێی جۆری گەنمەكە دەگۆرٍێت”.
لە توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر سێ جۆر گەنمی دانپێداندراو و یەك جۆر جۆ هەیە كە بۆ چاندنی هەردوو وەرزەكە گونجاون.