چیرۆکی بۆردومانەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە

هاینا سامرەند… هێشتا وا دەزانێت گرمەی هەور بۆردومانە

964+

دەریا ئەحمەد- کۆیە

سێ ساڵ بەسەر بۆردومانەکانی ئێراندا بۆ سەر کۆیە تێپەڕی، ئەو کیژۆڵەیەی بووە ئایکۆنی بۆردومانەکە، ئێستا تەمەنی پێنج ساڵە و چیرۆکی ئەو رۆژە ترسناکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە.

هاینا سامرەند، کە وێنەکەی لە کاتی بۆردومانەکە بووە سیمبوڵێک کاتێک دەستی بە گوێچکەکانییەوە گرتبوو، بە 964ـی وت: “ئەو رۆژەم قەت لەبیر ناچێت، لەسەر تەختە خەوەکەم بووم و جێگاکەم دەجوڵا، دایکم بەخێرایی رایکرد و منی لە باوەش گرت، رۆیشتین خوشکەکەم لە قوتابخانە رزگار بکەین، بەڵام دایکم ماندوو بوو، بۆیە منی دایە باوەشی کاکە ئامانجی دراوسێمان.”

هاینا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “لەو کاتەدا بیری دایک و باوک و خوشکەکەم دەکرد، کە باوکمم دۆزییەوە، ماچم کرد.”

تا ئێستاش کاریگەریی ئەو رۆژە بەسەر هایناوە ماوە، ساینای خوشکی بۆ 964 دوا و وتی: “هەندێک جار هاینا ئەو رۆژەی بیردەکەوێتەوە و رووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ناهێڵم باسی بکات چونکە باری دەروونیی تێکدەچێت.”

دایک و باوکی هاینا و ساینا، لەبەر بارودۆخی سیاسی نەیانویست دەرکەون، بەڵام پێیان وتین، لەو کاتەوە تا ئێستا، سەرجەم منداڵەکان نەیانتوانیوە ئەو رۆژە ناخۆشە لەبیر بکەن، باوکی هایناش دەڵێت، “ئێستاش لە بەهار و پایزدا، کاتێک گوێی لە گرمەی هەور دەبێت، هاینا دەترسێت و وا دەزانێت بۆردومانە.”

رۆژی 28ـی ئەیلولی 2022، ئێران بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی لە کۆیە موشەکباران کرد، هاینا و سەدان کەسی دیکە بە ترسێکی زۆرەوە هەڵهاتن، دایکی ئەوەندەی توانی هاینای لە باوەش گرت، بەڵام کاتێک هێزی لە پێیەکانیدا نەما، دایە دەست ئامانجی دراوسێیان و ئەویش بە خێرایی رزگاری کرد.

پێداچوونەوە: باری ساڵح

هاینا سامرەند.. ئەو کچەی بووە ئایکۆنی بۆردومانەکەی کۆی...

هاینا سامرەند.. ئەو کچەی بووە ئایکۆنی بۆردومانەکەی کۆیە