"ژیان بە بەخشینەوە جوانە"؛ هەڵمەتى هاوکارى مرۆیى
چاڵێنجەکەى قبوڵکرد
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
لە ژێر دروشمی “ژیان بە بەخشینەوە جوانە”، لە هەولێر رێکخراوی یەکترقبوڵکردن (AOO)، هەڵمەتێکی هاوکاری مرۆیی راگەیاندووە بۆ ئەو کەسانە کە توانای کڕینی جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی نییە،
ئەوان هەستاون بە دانانی زیاتر لە 50 بۆکسی کۆکردنەوەی جلوبەرگی بەکارهاتوو، لە گەڕەک و پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی هەولێر.
رێباز خدر، پەیامنێرى تۆڕى میدیایى 964، بەشدارى هەڵمەتەکەى کردووە و ژمارەیەک جلوبەرگ و پێداویستى خستە یەکێک لە بۆکسەکان و چاڵێنجى عەبدولعەزیز خالند، پەیامنێرى 964 کرد کە بەشدار بێت.
ئەمڕۆ شەممە، عەبدولعەزیز، چاڵێنجەکەى قبوڵکرد و ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستى خستە یەکێک لە بۆکسەکان و ئەویش چاڵێنجى هەردوو پەیامنێر، ئاکام غەفور لە ئیدارەى سۆران، میلاد جەلال لە ئیدارەى گەرمیان، کردووە کە بەشدارى بکەن.
ئاری دڵشاد، سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964 ی وت، ئامانجی ئێمە لەم پڕۆژەیە سودمەندبوونی کەسانێکە، کە توانای دابینکردن و کڕینی جل وبەرگیان نیە، ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانەی کە جلەکانیان بەکارناهێنن و دەیانەوێت فڕێی بدەن، با لە رێگای ئەو بۆکسانەی دانراون، ئەوا بە بەخشینی جلەکانیان دوبارە ژیان دەبەخشنەوە بە کەسانی نەدار و هەژار کە توانای کڕینیان نیە، وە سودێکی زۆریشی هەیە لە روی ژینگەوە، لە بری ئەوەی فڕێ بدرێن ئەوا دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە جارێکی تر.
وتیشی،” تەنیا لە سەرەتای ساڵی 2025 تاکو ئێستا نزیکەی 124 هەزار و 600 تەن جل و بەرگ کۆکراوەتەوە، بە کۆی گشتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو نزیکە 482 هەزار و سێ سەدو شەست و یەک تەن جل و بەرگ کۆکراوەتەوە و نزیکەی 67 هەزار کەس تێیدا سودمەند بوونە”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح