پۆلیسێکى هاتوچۆ لە عێراق رێنمایى بە لێخوڕى ماتۆڕسکیلێک دەدات
"لایەنێکی سەرەکی رووداوەکانی هاتوچۆن"
لە هەولێر رێوشوێنی نوێ بەرامبەر ماتۆڕسکیل دەگیرێتەبەر
964+
توانا نەقی
پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رێوشوێنی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ماتۆڕ دەگرێتە بەر لەبەر ئەوەی پێیان وایە لایەنێکی سەرەکی رووداوەکانی هاتوچۆن و رێنماییشیان بۆیان دەرکردووە.
هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، بەشی زۆری رووداوەکانی هاتوچۆ یان بە هۆی ماتۆڕسوارەوەیە یان ماتۆڕ و ماتۆرسوار یەکێکن لە لایەنەکانی هەر روداوێکی هاتووچۆ کە بەردەوام یان مردن یان برینداربوونی سەختی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژە بەوەكراوە، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی هەولێر ئاگاداری بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕیان لە ناو سەنتەری شاری هەولێر کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لە دروستکردنی ماتۆڕ بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕی بێ سەرەتا و تۆمار نەکراو.
هاتوچۆ روونیکردەوە، ئەمڕۆ هەینی 19.9.2025 تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە بازاڕی شێخەڵا و بازاڕی هەینی هەولێر ئامادە بوون بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان لە رێو شوێنەکانی یاسایی بەرامبەر بە ماتۆڕی بێ سەرەتا.
هەر ماتۆڕسوارێکیش بە بێ مەرجەکانی سەلامەتی و کڵاو لەسەر شەقامەکان ببینرێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکشدا دەگیرێت.