ترسى بایکۆت
یەکشەممە دەرگاى قوتابخانەکان دەکرێتەوە؛ بازاڕى جل و بەرگى قوتابیان گەرمە
964+
دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی
رۆژى یەکشەممە، زەنگى ساڵى نوێى خوێندنى 2025- 2026 لێدەدرێت و قوتابیان دەگەرێنەوە قوتابخانەکانیان، هەربۆیە دایکان و باوکان و قوتابیان روویان لەبازاڕ کردووە بۆ کڕینى جلوبەرگ.
دیار عیزەت کە دوکانى جلوبەرگى قوتابیانى هەیە، بۆ 964 قسەى کرد و دەڵێت،”بازاڕ باشە، بەڵام قوتابیان و دایکان و باوکان دودڵن، چونکە ساڵانێکە بایکۆتە”.
دەشڵێت: ئەگەر موچە بدرێت بازاڕ گەرمتر دەبێت.
دایکى قوتابییەک لە دوکانەکەدا جل و بەرگى بۆ کوڕ و کچەکانى دەکڕى، ئەو بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”هیوادارم حکومەتەکان رێکبن و موچە بدەن، بۆ ئەوەى بایکۆت نەکرێت و قوتابیان کێشەیان بۆ دروست نەبێت و خوێندنى خۆیان بەباشى بکەن”.
رۆژى 21.9.2025، دەستپێکى دەوامى ساڵى نوێى خوێندنە لە هەرێمى کوردستان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح