20 وەڵامی تەواو دەرچووی

لە خانەقین و کفری سیستمی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری مۆڵەتی شۆفێری کەوتەکار

964+

توانا نەقی

سیستەمی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری مۆڵەتی شۆفێری لە هەردوو بەشی هاتوچۆی قەزای کفری و خانەقین لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کەوتە کار.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بڵاویکردەوە، لەمەودوا قەزاکانی خانەقین و کفری بەشی هاتوچۆیان دەتوانن بە شیوەی ئەلیکترۆنی تاقیکردەوەی تیۆری مۆڵەتی شۆفێری ئەنجام بدەن.

ئەو زانیاریانەی گرنگە فێرخوازان لە کاتی تاقیکردنەوەکان لێی ئاگادار بن پێکهاتوون لە: 

– کۆی پرسیارەکان 25 پرسیارە، مەرجە لە 20 پرسیار دەربچێت، واتە فێرخواز  ئەگەر تەنها 5 وەڵامی هەڵە بێت بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.
– ماوەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک یەک خولەکە لە سەر کۆمپیوتەری بەردەست.
– فێرخواز لە رۆژێکدا مافی هەیە تەنها یەک جار تاقیکردنەوە ئەنجام بدات.
–  ئەنجامی (دەرچوون و دەرنەچوونی) فێرخواز راستەوخۆ دوای تەواو کردنی تاقیکردنەوەکەی لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری بەردەستی نیشان دەدرێت.
– فێرخوازان گرنگه پێداویستیەکانی وەکو باجی نوسینگە، کارتی نیشتیمانی رەسەنیان پێبێت.
– جیاوازی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەر کۆمپیوتەرێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەکە پرسیارەکانی جیاوازترە لە کۆمپیوتەری تەنیشتی و پێش و دواوەی جێگەی فێرخوازەکە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوار بۆ هیچ جۆرە گزییەک نامێنێتەوە.
–  گرنگە فێرخواز خۆی بەدوور بگرێت لە هەر جوڵە، قسە، یاخود ئاماژە یان هەر جۆرە کردارێکی نەشیاو لە ناو هۆڵەکە بەگشتی و بەرامبەر ئەفسەر و کارمەندی ناو هۆڵەکە یان لەگەڵ فێرخوازانی تر، سزا دەدرێت بە پێی رێنمایی بە راگرتنی سەرجەم کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ.