داوای چارەسەر دەكەن

دانیشتووانی گەڕەكی سلێمانی تازە بەدەست سەگی بەرەڵاوە گرفتارن

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی دوو ساڵ دەبێت، سەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشییە دەرونییەكان لەگەڕەكی سلێمانی تازە گواستراوەتەوە، شوێنەكە بووەتە لانەی سەگە بێلانەكان  و دانیشتوانی گەڕەكەكەی بێزار و گرفتار كردووە و داوای دوورخستنەوەیان دەكەن.

حاجی مونیرە، دانیشتوویەكی گەڕەكەكەیە و لەناو ماڵەكەی ماركێتێكی بچوكی كردووەتەوە بە 964ـی وت، “گیرمان خواردووە بەدەست ئەو سەگانەی لەو بینایە كۆبوونەتەوە و رۆژ و شەویان بیر بردووینەتەوە، هەركاتێك رێبوارێك بەم گەڕەكەدا تێپەڕ بكات بۆیان دێنە دەرەوە، جاری وا هەبووە ژن و منداڵ هانایان هێناوەتە دوكانەكەی من لەترسی ئەو سەگانە و بە بەرد و دار راومان ناون”.

وتیشی، زۆرجار لە ترسی سەگەكان ناچار بووم دوكانەكەم دابخەم، چونكە هەر كاتێك خەڵكەكە رادەكاتە دوكانەكەم سەگەكانیش دەیانەوێت بێنە ناو دوكانەكە و ناچار دایدەخەم.

محەمەد جەعفەر، دوكانێكی جلوبەرگی هەیە لەو گەڕەكە و قسەی بۆكردین و بە 964ـی وت، ئەو سەنتەرە بووەتە مۆڵگەیەک بۆ ئەو سەگە بێلانانە و رێبوار و دانیشتوانی ئەم گەڕەكەی بێزار كردووە، زۆرجار كە بەریەككەوتنیان دەبێت لەگەڵ سەگی دیكە تەنانەت رێگە بەوانیش نادەن لێرەوە تێپەڕن، لەرێگەی تۆڕی 964 وە داوا دەكەین كە لێرە دووریان بخەنەوە پێش ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەم بەیانییە لە سلێمانی سەگی بەرەڵا پەلاماری جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی داوە و چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سەگی بێلانە پەلاماری جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی...

سەگی بێلانە پەلاماری جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دا