وەزارەتی ناوخۆی عێراق
سەردەستەكانی جەماعەتی “قوربان” دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەوڵە هەواڵگرییەکانیان بەردەوامن بۆ راوەدوونانی گرووپی قوربان، دەشڵێت توانیویانە بەرپرس و سەردەستەكانی گرووپەكە دەستگیر بكەن.
فەریق موقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد: “ئەو هەوڵانەی دراون بۆ سنووردارکردنی دیاردە لادانەکان لە کۆمەڵگەدا، لەوانە ئەوەی بە گرووپی قوربان ناسراون، پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، چەند دەزگایەک بە تایبەتی دەزگای هەواڵگری راسپێردراون بۆ بەدواداچوونی جددی دۆسیەکە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دەزگاکان توانیان زەبرێكی باش لەو گرووپە بدەن و سەرکردەی ئەو باندانە بگرن، کە کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم دیاردەیە، بەدواداچوون و لێپێچینەوەش تا ئێستاش بەردەوامە”.
وتیشی، “هۆکارەکانی ئەم دیاردانە فرەن، لەوانەش کەمی هۆشیاری و هەندێک جاریش ئیستغلالکردنی لایەنە ناوخۆییەکان یان دەرەکییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کردەوانە”.
“پێویستمان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەرە راستەقینەکان، لە هەر شوێنێکیش بن و بە هێزێکی تەواوەوە بەدوای ئەم گرووپانەدا دەگەڕێین.
گرووپی قوربان چییە؟
لە مانگی حوزەیرانی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شاری زیقار لە باشووری عێراق، كەسێكیان دەستگیر كرد، كە تۆمەتبار بوو بە كوشتنی دوو كەس لە (گرووپی قوربان)، ئەو گرووپە پێیان وایە ئەم كوشتنە “قوربانییە” بۆ پیرۆزكردنی ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تاڵیبی خەلیفەی چوارەمی ئیسلام.
دواتر لە هەمان شار شەش كەسی دیكەیان گرت، كە سێ كەسیان لە گرووپەكەی خۆیان رازیی كردبوو خۆیان بكوژن وەك قوربانی بۆ ئیمام عەلی.