ئاژەڵە دەگمەنەکەی جیهان

پلاتیپەس؛ هەم هێلکە دەکات و هەم شیریش بە بێچووەکانی دەدات

964+
باری ساڵح

لە جیهانی ئاژەڵاندا، پلاتیپەس وەک یەکێک لە سەیرترین و دەگمەنترین بوونەوەرەکان دەناسرێت، کە خاوەنی تایبەتمەندییەکی ناوازەن، هێلکە دەکەن و لە هەمان کاتدا شیریش دەدەن بە بێچووەکانیان.

ئەم شیردەرە دەگمەنە، کە دەنووکی مراوی و لەشی مووی هەیە، تەنیا لە رۆژهەڵاتی ئوسترالیا و تاسمانیا دەژی، سەر بە خێزانێکی تایبەتی شیردەرەکانە بە ناوی مۆنۆتریم.

پلاتیپەس هەموو یاسا باوەکانی سروشتی شکاندووە

پلاتیپەس ئاژەڵێکی شیردەری نیمچە ئاوییە کە بەهۆی تایبەتمەندییە جەستەیی و زاوزێی ناوازەیەوە، هەمیشە بووەتە جێی سەرنجی زانایان و خەڵکی ئاسایی، ئەم ئاژەڵە بەشێکە لەو میراتە سروشتییە دەگمەنەی کە تەنیا لە کیشوەری ئوسترالیادا بوونی هەیە.

پلاتیپەس، لەگەڵ جۆرێکی دیکەی ئاژەڵ بە ناوی ئێڤیدنا، تاکە دوو ئەندامی زیندووی خێزانی “مۆنۆتریم”ـەکانن، وشەی مۆنۆتریم بە واتای یەک کون دێت، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم ئاژەڵانە تەنیا یەک دەرچەیان هەیە بۆ میزکردن، پیسایی کردن و زاوزێ.

لە ئاوە شیرینەکاندا دەژی

نیشتمانی سەرەکیی پلاتیپەس دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا و دوورگەی تاسمانیا، لە ئاوە شیرینەکاندا دەژی، وەک رووبار، جۆگەلە و دەریاچەکان، کە زۆربەی کاتەکانی لەناو ئاودا بەسەر دەبات بۆ راوکردنی کرم و مێروو و قرژاڵ.