ئەو دوو تاوەرەى لە 11ـى سێپتەمبەر تەقینەوە
نەخشەى جیهانى گۆڕى
11ـى سێپتەمبەر؛ 24 ساڵ لەمەوبەر دوو تاوەرەکە رووخان
964+
وریا فەتاح
24 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، هێرشكرایە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە دوای ئەم رووداوە نەخشەی بەشێكی جیهان گۆڕانكاری بەسەردا هات.
رۆژی سێشەممە 11ی ئەیلولی 2001 لە لایەن رێكخراوی قاعیدەی توندڕەوی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی ئوسامە بن لادنی كەسایەتی توندڕەوی سعودی، لە رێگەی رفاندنی چەند فڕۆكەیەكی مەدەنی لە چەند شوێنێكدا هێرشكرایە سەر ئەمریكا و دنیا بەو رووداوە شۆك بوو.
فڕۆكەكان چوار بوون و دووانیان بە سەرنیشینەكانەوە خۆیان كێشا بە هەردوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرك و یەكی دیكەیان خۆی كێشا بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پنتاگۆن”، بەڵام ئەوی دیكەیان پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی تێكشكا.
بەهۆی ئەو رووداوانە، كە شتێكی زۆر چاوەڕواننەكراو بوو، 2977 كەس كوژران و 24 كەسی دیكە بێسەروشوێن بوون، هەروەها بە سەدان كەسیش بریندار بوون.
بە پێی لێكۆڵینەوەی دەزگە ئەمنییەكانی ئەمریكا، 19 كەسی سەر بە رێكخراوی قاعیدە ئەو چوار فڕۆكەیان رفاند و هێرشەكانیان پێ ئەنجام دا.
دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشەكان، ئەمریكا پەنجەی تۆمەتی بۆ رێکخراوی قاعیدە و سەرکردەکەی ئوسامە بن لادن درێژكرد، هەروەها ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی کرد شریتێکی ڤیدیۆییان دەستکەوتووە لە ماڵێکی وێرانکراودا لە شاری جەلال ئابادی ئەففانستان لە تشرینی دووەمی 2001، كە تێیدا ئوسامە بن لادن قسە بۆ خالید کوڕی عەودە دەکات لەسەر جێبەجێکردنی ھێرشەکە، بەڵام تۆمارەكە جێی گومان بوو، بەڵام بن لادن لە ساڵی 2004 و پێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا لە 29.10.2004 لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و بەرپرسیاریەتیی رێكخراوەكەی لە ھێرشەکان راگەیاند.
دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکادا روویدا و ئەمریكا شەڕی دژی قاعیدە لە ئەنغانستان راگەیاند و دواتر شەڕی بزووتنەوەی تالیبانیشی كرد، كە دواتر رووخانی رژێمی سەدامیشی لە عێراقدا بەدوای خۆیدا هێنا و بەهاری عەرەبی دەستی پێكرد و ژمارەیەك سەرۆك وڵاتی عەرەبی لەسەر كار لابران، ئێستاش كاریگەرییەكان و گۆڕانكارییەكانی سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەهۆی رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەرەوە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە روونی دیارە و چاوەڕوانی گۆڕانكاریی دیكەش دەكرێت.