موچەخۆران گرفتارن

کێشەکانى بانکى تى بى ئاى بەردەوامە

964+
دیلان محەمەدجەزا

کێشە و گرفتەکانى بانکى (تى بى ئاى) بەردەوامە، ئەمڕۆش ئەو موچەخۆرانەى لە هەژمارى من سەر بەو بانکەن تووشى گرفت بوون و کێشە بۆ وەرگرتنى موچەکانیان دروستبووە.

موچەخۆران لەبەردەم بانکەکە سەرەیان گرت و لەچاوەڕوانى وەرگرتنى موچەکانیانن، وەک باسى دەکەن تەنیا یەک کارمەندى بانکەکە بەدەمیانەوەیە، لەکاتێکدا نزیکەى 500 کەس لەسەرەدا وەستاون.

بە قسەى ئەو موچەخۆرانە، کێشەو گرفتیان لە کۆدى هەژمارەکانیان هەیە و ئامێرەکانى ئای تى ئێمەکان نایخوێنێتەوە.

پێرێ، وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانى دەربڕى لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای).

ئەم مانگە، نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لەڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن، لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومی پڕۆژەکە، رێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

مامۆستایان به‌مشه‌وه‌ سه‌ردانى ئارتین شادیان كرد و ...

مامۆستایان به‌مشه‌وه‌ سه‌ردانى ئارتین شادیان كرد و پیرۆزباییان لێكرد