خاوەنی 9 كۆمپانیای گەورەیان لە هەولێرن

“هۆڵەندییەكان پارساڵ 600 هەزار تۆن بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستانیان زیاد كرد”

964+

عەبدولعەزیز خالند

نۆ خاوەن كۆمپانیای گەورەی هۆڵەندا لە هەولێرن و لەگەڵ بازرگانانی كوردستان كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی دەدەن، ئەندامێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریش دەڵێت، تەنیا پارساڵ 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە بەهۆی ئەزموون و ئامێرە كشتوكاڵییەكانی هۆڵەنداوە لە كوردستان بەرهەم هێنراوە و زیاد بووە.

ئەمڕۆ لە هوتێل دیڤانی هەولێر دیداری خاوەن كۆمپانیا هۆڵەندییەكان و ژووری بازرگانی و ژمارەیەك لە بازرگان و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی چەند وەزارەتێك بەڕێوەچوو.

كامەران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، “هۆڵەندییەكان كشتوكاڵی كوردستانیان بەرەو پێشوە برد، ساڵی 2000 بۆ نموونە تەنیا دوو هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هاتووە بۆ هەناردە كردن، بەڵام لە ساڵی 2024 بەهۆی ئەزموون و ئامێرەكانی هۆڵەندییەكان، بڕی 600 هەزار تۆن بەرهەمهێنراوە و هەناردە كراوە، بۆیە هۆڵەندا وڵاتێكی گرنگە بۆ كوردستان و هەولێر”.

“وتیشی، كۆمەڵێك بەرهەمی دیكەی كوردستان هەناردەی هۆڵەندا و وڵاتانی دیكە دەكرێت”.

كامەران محەمەد دەڵێت، هەناردەی هۆڵەندا بۆ عێراق و كوردستان، ساڵانە یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە ، كە 50%ی بۆ كوردستانە و لە دەروازەكانی كوردستانەوە داخیل دەكرێن.

سەبارەت بە دیدارەكەی ئەمڕۆش، ئاماژەی بەوەدا، بە گشتی ئامانج ئەوەیە كار بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان كوردستان و هۆڵەندا بكرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا سێ‌ گرێبەستیان واژۆ كرد

هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا سێ‌ گرێبەستیان واژۆ كرد