محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
هیچ سازشێک قبوڵ ناکات
سودانی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لەبارەی قاچاخچێتی نەوتی عێراق دەدات
964+
وریا فەتاح
لەسەر تێکەڵکردنى نەوتى ئێران بە نەوتى عێراق و فرۆشتنى لە بازاڕەکانى جیهانیدل، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای دەرکرد، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکان سەبارەت بە گومانی گەندەڵی لە تێکەڵکردن و قاچاخچێتی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە بەندەرەکان و ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لیژنەکە لە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت و ئەرکی لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەی دەبێت لەو دۆسیەیە.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ سازشێک لەم دۆسیەیەدا قبوڵ ناکرێت و داوای لە لیژنەکە کرد کە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، راسپاردەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکەن.
جەختیشکراوەتەوە، بڕیارە ئەنجومەنی وەزیران ڕێوشوێنی گونجاو لە چوارچێوەی یاسادا بگرێتەبەر، بە شێوەیەک کە پشتگیری لە ئابووری نیشتمانی بکات و سامانی گشتی بپارێزێت.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدایە کە چەندین جار نیگەرانییەکان لەبارەی بوونی گەندەڵی و قاچاخچێتی لە کەرتی نەوتی عێراقدا ورووژێنراون، کە بە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات دادەنرێت.
رۆژى 2.9.2025، نووسینگەی چاودێریی سەروەتی بیانی (OFAC) سزای نوێی بەسەر تۆڕێكی كۆمپانیا و كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت سەپاند، كە بازرگانێكی عێراقی بەناوی وەلید خالید حەمید خاوەنداریەتیی دەكات، ئەمەش بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران و تێكەڵكردنی بە نەوتی عێراق و فرۆشتنەوەی.
هاوكات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند، وەلید خالید و تۆڕەكەی نەوتی ئێران تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكە و بە بەرنامە و بە ناوی نەوتی عێراق دەیفرۆشنەوە و ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار داهات بۆ ئێران پەیدا دەكەن.
هەر ئەو رۆژە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕەتیکردەوە هیچ تێکەڵکردنێک یان بەقاچاغەکردنی نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکان لە بەندەرەکانی عێراق یان لەناو ئاوە هەرێمییەكاندا بکرێت، جەختیشى کردەوە کە کارەکانی هەناردەکردن کەوتووەتە ژێر چاودێریی توند و سیستمێکی ورد لە ساتەوەختی بارکردنەوە تا گەیشتن بە شوێنی هاوردەکردن.