"چیدی بۆیان نییە لە جۆگەکە بپەڕنەوە"
کورسی و کەپری کاسبکارانی بیارە لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان لابران
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
کاسبکارانی سنووری بیارە کە لەسەر جۆگە ئاوەکەی سەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژانە کەسابەتیان دەکرد، ئاگادار کراونەتەوە چیدی بۆیان نییە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان کورسی و کەپرەکانیان دابنێن.
سەرچاوەیەک کە لەسەر جۆگەی بیارە – هانەگەرمەڵە دوکانی هەیە، بە 964ی وت، دوێنی بۆ جاری سێیەم هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران چوونەتە سەریان و پێیان وتوون چیتر بۆیان نییە لەوبەری جۆگەکە ئەشیا و کورسییەکانیان دابنێن، ئەوانیش کەلوپەلەکانیان هێناوەتە ئەمدیو جۆگەکە، رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەش هەر لەو پرسە ئاگادار کراونەتەوە.
باسی لەوەشکرد، دوێنێ کە هەینی بوو، هەر لە تاقی بەیانییەوە تا کاتژمێر 5ـی ئێوارە ئەو شوێنە بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران تووشی هیچ کێشەیەک نەبن، لە کاتێکدا پێشتر لە رۆژانی هەینی و پشوودا ئەو شوێنە جمەی دەهات لە گەشتیار و سەردانیکەران.
ئەو جۆگە ئاوە بەناوبانگە و کەوتووەتە نێوان گوندی هانەگەرمەڵە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناحیەی بیارە لە دیوی باشووری کوردستان، پێشتر خاوەنی چاخانە و دوکاندارەکانی سەر جۆگەکە لە هەردوو دیوی جۆگەکە کورسی و ئەشیایان دادەنا و گەشتیار و خەڵکی ناوچەکەش ئەمبەراوبەریان دەکرد و هیچ کێشەیەک نەبوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری