وێستگەکان پاکدەکرێنەوە
دوزخورماتوو؛ کێشەی بۆن و کوالێتی ئاو چارەسەر دەکرێت
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
لە وەڵامێکدا بۆ نیگەرانییەکانی هاوڵاتیان لەسەر خراپى کوالێتی ئاو و بۆنە ناخۆشەکەى، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دوزخورماتوو دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کردووە بۆ پاککردنەوەی حەوز و خەزانەکانی کۆکردنەوەی ئاو لە وێستگەی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی قەزاکە، ئەم پڕۆژەیە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سنووری خورماتوو، سەرچاوەی سەرەکی ئاوە بۆ قەزاکانی خورماتوو، ئامرلی و کفری.
وێستگەکە خاوەنی چوار حەوزی گەورەی پاڵاوتنە، کە هەر یەکێکیان توانای گرتنى 10 هەزار لیتر ئاوی هەیە، دوو لەم حەوزانە ئاو بۆ کفری، ئامرلی و ناحیەی سلێمان بەگ دابین دەکەن، و دوو حەوزەکەی دیکەش ئاوی پێویست بۆ سەنتەری قەزای خورماتوو دابین دەکەن.
ئسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خورماتوو، بە 964ـی راگەیاند: “ماوەیەکی زۆر بوو حەوزەکان پاک نەکرابوونەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم هەڵمەتە دەستپێبکەین، پرۆسەی پاککردنەوەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی بۆنی ناخۆشی ئاوەکە دەبێت، کە هاوڵاتیانی بێزار کردبوو.”
وتیشی: “دوای کۆتاییهاتنی ئەم هەڵمەتە، بڕی چوار تۆن کلۆر گەیشتووەتە دەستمان و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەسەر سەنتەرەکانی دابەشکردنی ئاودا دابەشی دەکەین بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی ئاوەکە.”
لە هەنگاوێکی دیکەدا، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، هەڵمەتێکی دیکە دەستپێدەکات بۆ لابردنی سەرجەم ئەو سەرپێچیانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی ئاویان راکێشاوە.
جەختی لەوەشکردەوە کە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن و پابەند دەکرێن بە یاساکانەوە، بۆ ئەوەی دابینکردنی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و رێکوپێک بەڕێوە بچێت.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح