بایی نۆ ملیار دینار ئۆتۆمبێل بۆ بەرگری شارستانی کڕاوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

20 ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە هەرێم دابین کران، کە هەشتیان تایبەتن بە کاری رزگارکردن و فریاگوزاری رووداوە سروشتی و نەخوازراوەکان، 12 دانەکەی دیکەش جۆری تایبەتی ئاگرکوژێنەوەن.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکان بە گوژمەی نۆ ملیار دینار دابین کراون و 130 کارمەندیش لە بەرزترین ئاست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە راهێنانیان پێکراوە.

“ئەو 20 ئۆتۆمبێلە دەبنە پشتیوانییەکی باش بۆ هێزەکانی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان،” بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وای وت.

“پۆلیسی هەرێم ئۆتۆمبێل و کارمەندە راهێنراوەکان دابەشدەکات بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی”

دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم کە بەگوێرەی پێویستی ئۆتۆمبێلەکان و کارمەندە راهێنراوەکان دابەشبکرێن بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی، بە وتەی هێمن میرانی.

هێمن میرانی زیاتری وت، “ئۆتۆمبێلەکان ئامێری پێویستییان تێدایە، بۆ نمونە لەکاتی رووخانی باڵەخانەیەک بە ئاسانی دەتوانن کۆنکرێت ببڕن، یاخود لەکاتی رووداوێکی هاتوچۆ دەتوان ئۆتۆمبێلێک کەلەپاچە بکەن”.