بۆنی كردبوو
تەرمی ژنێکی تەنیا لە سلێمانی دۆزرایەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ژنێكی تەمەن نزیكەی 60 ساڵان لە گەڕەكی رزگاری دۆزرایەوە، کە چەند رۆژێکە لە ناو ماڵەکەی گیانی لەدەستداوە.
سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18.8.2025 بە 964ی راگەیاند، تەرمی ژنێک لە گەڕەكی رزگاریی سلێمانی دۆزرایەوە، كە پێدەچێت چەند رۆژێک بێت گیانی لەدەست دابێت.
وتیشی، ژنەكە تەمەنی نزیكەی 60 ساڵان بووە، بە تەنیا ژیاوە و چەند رۆژێك بووە دیار نەبووە، دراوسێیەكانی چوونەتە ماڵەكەی، دوای ئەوەی هەستیان بە بۆنێكی ناخۆش كردووە، دەركەوتووە كە ژنەکە گیانی لەدەست داوە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئاسەوار و شوێنپەنجەی تاوان و چوونە ناو ماڵەكە بەدی نەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
باسی ئەوەشی كرد، تەرمەكەی براوەتە پزیشكی دادی و لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكرێت.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ئەمە چوارەم حاڵەتی مردنی هاوڵاتییانە كە چەند رۆژێكی بەسەردا دەچێت و دواتر پێی دەزانرێت، هەفتەی رابردوو لە سلێمانی و پێش ئەوەش لە هەولێر هەمان شت هەبوون، هەروەها چەند رۆژێك لەمەوبەر لە زاخۆش تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، كە چەند رۆژێك بوو گیانی لەدەست دابوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا