دەربەندییەکان داوای لێپێچینەوە لە کۆمپانیای پاککردنەوەی ئاوەکەیان دەکەن
+964
هونەر فارس- كەلار
لە ساڵی 2013ەوە ئەو کۆمپانیایەی کە ئەرکی پاککردنەوەی ئاوی قەزای دەربەندیخانی پێسپێردراوە نەیتوانیوە ئەرکەکەی تەواو بکات، بەوهۆیەشەوە چالاکوانانی دەربەندیخان لە رێگەی داواکاریی گشتیی قەزاکەیانەوە داوای لێپێچینەوەی لێدەکەن.
دوای کۆکردنەوەی نزیکەی 600 واژۆ، دژی تەواونەکردنی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دەربەندیخان کە یەکێکە لەداواکارییە سەرەکیەکانی مانگرتوانی قەزاکە، لەلایەن بەشێک لە چالاکوانانەوە بەمەبەستی لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکە’ واژۆکان ڕادەستیداواکاریی گشتی دەربەندیخان کران.
ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2013وە دەستبەکار بووە و تا ئێستا %50ی کارەکانی تەواو نەبووە.
حیکمەت عەبدولکەریمی چالاکوان، بە تۆڕی میدیایی 964ی گوت: بەگوێرەی هەموو پێوەرەکان لە ساڵی 2008ەوە ئاوەکەمان شیاونیە بۆ خواردنەوە
،تەواو نەکردنی کارەکانی ئەو کۆمپانیایەی ئەرکی پاککردنەوەی ئاوەکەی لەئەستۆیە بووەتە جێگەی پرسیار بۆیان و دەیانەوێت لێپيچینەوەی لێبکرێت.
سکاڵای چالاکوانانی دەربەندیخان دوای ئەوەدێت کە ماوەی 22 ڕۆژە مانگرتنی هێمنانەیان دەستپێکردووە و تا ئێستا بە شێوەیەکی کرداریی نەهاتوون بەدەم داواکارییەکانیانەوە.
سلێمان حەمە سەعید، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی964ی راگەیاند، داوا كاری ئەو خۆپیشاندەرانە لەشوێنی خۆیاندایە و هاوخەمیانین و لەگەڵیان دەبین.
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لە سەر بەنداوی دەربەندیخانەو ئاو بۆ تەواوی شارەكە دابیندەكات.
لەوبارەیەوە، سینان خالس، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای ئۆهیتان بۆ پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، پڕۆژەکە لە ساڵی 2014 دەستی بە کارەکانی کردووە، گوژمەی پڕۆژەکە 20 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیە “تەنیا چوار ملیۆن و نیومان وەرگرتووە”.
وتیشی: پڕۆژەکە 60%ی تەواو بووە و هەرکاتێک پارەمان بۆ تەرخان بکرێت دەست بە کارکردن دەکەنەوە لە پڕۆژەکەدا.