شۆفێری تەكسییەكانیش پارە دەدەن
گەراجی بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە پارەیە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەو گەراجەی دەكەوێتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ئەو شوێنەی مۆڵەتی شۆفێری لێ دەردەهێنرێت و دەكەوێتە گەڕەی 32ی پارك، بووەتە پارە، شۆفێرێكی تەكسییش دەڵێ، ئێمەش رۆژانە هەزار دینار دەدەین.
گەراجەكە وەنەبێ تازە بووبێتە پارە، بەڵكو بە قسەی شۆفێرێكی تەكسی، كە بۆ 964 قسەی كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووەتە پارە و بۆ هەر جارێك وەستان هەزار دینار وەردەگیرێت.
ئەوەی جێی گلەیی شۆفێران و ئەو تەكسییانەیە، كە لەوێ دەوەستن، گەراجەكە خۆڵە و نە قیر و نە سەب نەكراوە و هیچ خزمەتگوزارییەكی تێدا نییە.
964 قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر كرد و ئەوانیش رایانگەیاند، گەراجەكە بە زیادكردنی ئاشكرا دراوەتە بەڵێندەرێك و داهاتەكەش دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا