لەدوای هێرشە درۆنییەکان راگیرابوو

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دوای مانگێک دەستیپێکردەوە

964+

ژووری هەواڵ

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووەتەوە و کۆمپانیای گەڵف کیستۆن دەڵێت، ئامادەیە بەزووترین کات گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکەوە دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13.8.2025، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنی ئەمنی و راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شەیخان دەستیپێکردووەتەوە.

“کۆمپانیا بەردەوامە لە پەیوەندی چالاکانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بە زووترین کات، ئەمەش بەندە بە دەستەبەرکردنی رێککەوتنی نووسراو”، گەڵف کیستۆن وای وت.

مانگی رابردوو بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنییەوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیاریانداوە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان رابگرن.

توانای بەرهەمهێنای نەوت لە کێڵگەی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و کۆی داهاتی ساڵی 2024ـی زیاتر لە 151 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن.

درۆن بەرۆکی ئاسمانی کوردستان بەرنادات

درۆن بەرۆکی ئاسمانی کوردستان بەرنادات