له رۆژێكدا چه‌ند جارێك کارەبایان ده‌بڕیت
به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر کێشەیان لە كاره‌با 24 كاتژمێرییەکە بۆ دروستبووە
964+
ده‌شتی عارف – هه‌ولێر
چه‌ند رۆژێكه له به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر كاره‌بای 24 كاتژمێر كێشه‌ی هه‌یه و له رۆژێكدا چه‌ند جارێك ده‌بڕیت و دوایی ماوه‌یه‌ك دێته‌وه، به‌ڵام تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ی کارەبا دەڵێت جێگای نیگه‌رانی نییه چونكه وێستگه‌ی كاره‌با به‌رنامه‌كه‌ی بۆ فیده‌ره‌كان داناوه و 24 كاتژمێری ده‌وێت تا له‌گه‌ڵ فیده‌ره‌كان كارلێكده‌كات.
سەباح ئیسماعیل لە بەشی چاككردنه‌وه‌ی دووی نەورۆز لە هه‌ولێر، به 964ـی وت، وێستگه‌ی كاره‌با بۆ پێوانه‌كردنی ڤۆلتییه و فیده‌ره‌كان هه‌ڵساوه به دانانی به‌رنامه‌یه‌ك، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش پێویستی به 24 كاتژمێر هه‌یه تاوه‌كو پێوانه‌كردنه‌كه‌ی ته‌واو بێت، بۆیە هه‌ر رۆژه و چه‌ند گه‌ڕه‌كێك له هه‌ولێر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆ داده‌نرێت تاوه‌كو هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان ته‌واو ده‌بن.
وتیشی “هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی رۆژێكدا چه‌ند جارێك كاره‌باكه‌یان بڕا هۆكاره‌كه‌ی دانانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه”.
ئاماژەی بەوەشکرد زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر ئێستا سودمه‌ندن له پرۆژه‌ی رووناكی و كاره‌بای 24 كاتژمێری، كاركردن له‌سه‌ری به‌رده‌وامه و ئه‌مه‌ش واده‌كات جار نا جارێك بەهۆی کارکردنەوە كاره‌باكه بكوژێته‌وه.