"لە تورکیا یاسا نەماوە و ویژدان رزیوە"
سەڵاحەدین دەمیرتاش داوای ئازادبوون دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەو کاتەی بوومەلەرزە باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش داوای ئازادبوونی کاتی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دەوڵەت داواکەیان رەت کردۆتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” دەڵێت: بەداخەوە لەیەکەم کاتژمێرەوە ناچاربووین لەتەلەفزیۆنەوە سەیری کارەساتەکە بکەین و داوای ئازادبوونی کاتیم کرد، بەڵام نەیانهێشت و رەتیان کردەوە.
دەمیرتاش، ماوەی شەش ساڵ و نیوە لەزیندانە، ئەگەر ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی کراوەتەوە بەسەریدا ساغ بێتەوە ئەوا 147 ساڵ زیندانی دەکرێت.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی T24 وتویەتی “لەتورکیا یاسا نەماوە و ویژدان رزیوە، چونکە لەگەڵ روودانی بوومەلەرزەکەدا سەدان زیندانی بەهاوسۆزییەوە تەنیا لەتەلەفزیۆنەوە سەیری کارەساتەکەیان دەکرد”.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر لە یانزە شاری باکووری کوردستان و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و سووریای دا، تائێستا زیاتر لە 44 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
دەمیرتاش، لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە ئەوەی چەندین ساڵە سیاسییەکان نەیانتوانیوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروستبکەن، رووداوێکی سروشتی توانی بیکات و یەکێتییەکی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد، بۆیە پێویستە لەداهاتوودا ئەو یەکێتییە کۆمەڵایەتییە بگوازرێتەوە بۆ یەکێتیی سیاسی.
زیاتر وتی “گەل بڕیاری خۆی داوە و چیتر ئەو دەسەڵاتەی ئێستا قبووڵ ناکات و بەڕێیان دەکات”.