لە ژوورێکی بێ دەرگا و پەنجەرە پشکنین بۆ قوتابیان دەکرێ
نزیکەی 10 ساڵە نەخۆشخانەی حاجیاوا بێناز ماوەتەوە و نۆژەنکردنەوەی راگیراوە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی نەخۆشخانەی گشتی قەزای حاجیاوا وەستاوە و بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست، لەم گەرمایەدا کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە لە ژوورێکی بێ دەرگا و پەنجرە پشکنینی چاو بۆ قوتابیە تازە وەرگیراوەکان دەکەن.
تەها محەمەد لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، “نزیکەی 10 ساڵ دەبێت، پڕۆژەی فراوانکردنی بینای تەندروستی گشتی حاجیاوا بەتەواونەکراوی جێهێڵدراوە، جگە لەوەش مەڵبەندی تەندروستی حسێن بەستەستێنمان هەیە لە قەزای حاجیاوا کە لەئێستادا ئەو بینایەش نۆژەن دەکرێتەوە، بۆیە کارمەندان و پزیشکانی ئەو مەڵبەندە تەندروستییە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی حاجیاوا تێکەڵکراون و لە بینا تەواونەکراوەدا دەوام دەکەن”.
وتیشی، لەماوەی ئەم 10 ساڵەدا سێ جار رەزامەندی دارایی بۆ دەرچووە و خراوەتە تەندەرەوە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبوو وەریگرێت، بۆیە کارکردن لە بیناکەدا وەستاوە.
“باشترین چارەسەر ئەوەیە، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی راستەوخۆ پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن”، تەها محەمەد وای وت.
باسی لەوەشکرد، ئەو پڕۆژەیە یەکجار گرنگە، چونکە زۆربەی هەرەزۆری نەخۆشانی ئەو سنوورە لە ناحیەکانی سەرکەپکان و بێتواتەوە تا شارۆچکەی شکارتە و دۆڵی بالیسان، دێنەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە و لەوێ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری