كەسوكاری یەكێك لە كوژراوەكان چی دەڵێن
داوادەكرێت بكوژی سێ كەسەکە لە هەولێر لە بەغدا دادگایی بكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كەسوكاری یەكێك لە كوژراوەكانی رووداوی بەنزینخانەكەی هەولێر، داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بكوژ لە بەغدا دادگایی بكرێت و كەیسەكە بەلاڕێدا نەبرێ و مافی كوڕەكەیان وەربگرنەوە.
پەیامنێری 964 لە بەغدا چووە پرسەی حەمودی ریاز، كە پاڵەوانێكی لەشجوانییە و لە رووداوەكەی چوارشەممەی رابردوو لە هەولێر، لەگەڵ عەبدوڵای هاوڕێی و هاوڵاتییەكی دیكەی هەولێر بە ناوی سەعد سمایل لە لایەن كارمەندێكی بەنزینخانەكەوە كوژران.
كەسوكاری ئەو كوژراوە داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بكوژ لە بەغدا دادگایی بكرێت و مافی كوڕەكەیان وەربگرنەوە.
دایكی عەلی، كە پوری حەمودی ریازە بە 964ی وت، كوڕەكەیان هیچی نەكردبوو، دەیویست ناوبژیوانی نێوان هاوڕێیەكەی و بكوژ بكات، بەڵام ئەو وازی لێنەهێناوە و گەڕاوەتەوە سەری و شەش فیشەكی دیكەی لێداوە، “داوا دەكەین لە بەغدا دادگایی بكرێت و سەرۆك وەزیران حەقی ئێمە وەربگرێتەوە”.
جەعفەر ئەحمەد، هاوڕێی حەمودی ریازە و دەڵێت، وەك لە ڤیدیۆكاندا دیارە ئەوە بابەتێكی زۆر بێ نرخە، بەراستی پێویستی بەوە نەدەكرد، بەڵام ئەو كەسە چەكی هێناوە و ئەوانیشی كوشتووە.
دەشڵێت، تا ئێستا كەس پەیوەندی پێوەنەكردوون، جگە لەوە هێشتا تەلەفۆن و كەلوپەلەكانی حەمودی نەگەڕاوەتەوە، تەنانەت وەفاتنامەی حەمودیشیان بەدەست نەگەیشتووە.
فائز عەبدولحەسەن، سەرۆكی یەكێتیی لەشجوانیی عێراق لەلای خۆیەوە بۆ 964 قسەی كرد و وتی، ئەوە تاوانكارییەكە و نامرۆڤانەیە و ئەو كەسەش تاوانبارێكی ترسناكە لە كوشتن، حەمودی گەنجێكی كەمتر لە 30 ساڵان بوو، پاڵەوانێكی نێودەوڵەتی بوو، هێشتا خەونی زۆری هەبوو، پڕۆژەی پاڵەوانێكی جیهانی بوو
كوڕێكی بەهیوا بوو، هێمن و زۆر رۆشنبیر و بەڕێز بوو.
وتیشی، ئەوەی روویدا شۆكێكی گەورە بوو بۆ هەموومان، بۆ خانەوادەی یاریی لەشجوانی و كۆمەڵگەی عێراقی و ئێستا رای گشتی لەسەر دروست بووە.
چوارشەممەی رابردوو لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی هەولێر لەسەر رژانی بەنزین و پارەنەدان، دەمەقاڵی لە نێوان دوو گەنجی نەتەوە عەرەب كە بە گەشت لە هەولێر بوون، لەگەڵ كارمەندی بەنزینخانەكە دروست بوو، لە ئەنجامدا كارمەندەكە دوو گەنجەكەی كوشت و هاوڵاتییەكی دیكەی خەڵكی هەولێریش، كە لە دوورەوە وەستا بوو، پەیوەندی بە بابەتەكەوە نەبوو، فیشەكی وێڵێ بەركەوت و گیانی لەدەست دا.