"بەنزین بڕژێت باشترە لە خوێن"
رووداوە ناخۆشەکان دەکرێنە و نوکتە و هەندێک لە شۆفێرانیش پارە نادەن
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
رووداوە ناخۆشەکان زۆر کات دەبنە نوکتە و گاڵتەکردن، ئێستاش باوی پەیوەندی نێوان کارمەندی بەنزینخانە و شۆفێران دەکرێت و هەندێک دەڵێن ناوێرین بچینە بەنزینخانە نەوەک تیاچین، شۆفێرێکێش دەڵێت، لیترێک بەنزین برژێت باشترە وەک لە خوێنرشتن.
دوو رۆژ لەمەوبەر لە بەنزیخانەیەكی هەولێر لەسەر دەمەقاڵی پارەدان و رژانی بەنزین، كارمەندێكی بەنزیخانەكە سێ كەسی كوشت، كە دووانیان لە ناو رووداوەكە بوون و هاوڵاتییەكیش كە پەیوەندی بە كێشەكەوە نەبوو، بە فیشەكی وێڵ گیانی لەدەست دا.
یەکێک لە سۆشیال میدیا نووسیبووی زۆر موحتاجی پێنج لیتر بەنزین بووم بەس هەرچیم کرد نەموێرا بچم، یەکێکی تر نووسیبووی ئەو رۆژە بەنزینم لێبڕا، بەڵام لەبەر ئەوەی چەکم پێ نەبوو سەیارەکەم جێهێشت و بە تاکسی چوومەوە، لەسەر ئەم بابەتە پەیامنێری 964 سەردانی شۆفێران و بەنزینخانەکانی کرد، ئەحمەد سەڵاحەدین کە کارمەندی بەنزینخانەیە وتی، هەندێک لە شۆفێران بەتایبەت کە سەرخۆشن پارە نادەن و دەڕۆن ئەمە حاڵەتێکی ناخۆشە کە بەسەرمان دێت.
ئەم کارمەندە باسی لەوەشکرد، کە جار هەبووە بزەیەکی خۆش بۆ شۆفێرەکە وایکردووە جامەکەی دابداتەوە و بڵێت، بەو خەندەیە دڵم کرایەوە.
رۆژانە هەزاران شۆفێرو کاریان بەبەنزیخانەکان، هەردوولا، هەم شۆفێرو هەم کارمەندی بەنزیخانە بە رێکوپێکی مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن و ئیشی خۆیان رایی دەکەن، شۆفێرێک دەڵێت، ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە و نەماندیوە کەس چەکی پێبێت، دەبێت خۆراگربن هەردوولا، چونکە خوێنی مرۆڤێکی قەرەبوو ناکرێتەوە
پێداچوونەوە: پەری ساڵح