لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون
زیارەتکاران بە حەسرەتی ئەوەن بەشداری چلەی ئیمام حوسێن بکەن
964+
ئاکام غەفور – سۆران
زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ئێرانەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ کەربەلا و نەجەف گوزەر دەکەن، بە حەسرەتی ئەوەن بەشداری چلەکە بکەن و دەڵێن، “لەوێ نزا بۆ هەموو ئیمانداران دەکەین”.
بیهروزی ئۆجاغی، زیارەتکارێکە لە مەهابادەوە هاتووە و دەڵێت، هەستێکی زۆر خۆشە کە بەشداری چلەکە دەکەین و هەست بەوە دەکەین کە بارێکی قورس لەسەر شانمان هاتۆتە خوارەوە، ئەو هەفتەیە لێرە دەبین بۆ ئێمە زۆر خۆش دەگوزەرێت.
وەک باسی دەکات، سێیەم ساڵە لە حاجی ئۆمەرانەوە دەچێت بۆ نەجەف و کەربەلا، لە رێگەش تەواوی ئاسانکاریان بۆ کراوە، دەشڵێت،” خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر میوان دۆستن”.
دوو ژنی تر لە ئەسفەهانەوە بە یەکەوە هاتوون و یەکەمجاریانە لە حاجی ئۆمەرانەوە دێن بۆ چلەی ئیمام حوسێن و دەڵێن، لە رێگە تاکو هاتووین هەر فرمێسکمان رشتووە، لەوێ نزا بۆ ئارامی و ئاشتی تەواوی مرۆڤەکانی جیهان دەکەم، ئیشەڵا هەمووان لە ئاشتی و ئارامی و خۆشیدا بژین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر