ئارارات و برایەتی یەکسان بوون

+964

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023، لەگەڕی 19ـی خولی نایابی کوردستان یانەی ئارارات لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی برایەتی کرد و ئەنجامی یارییەکەش بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتایی هات.

لەگەڵ فیکەی ناوبژیوان، یاریزانانی ئارارات بە هێرشکردن دەستیان بە یارییەکە کرد و هەرزوو یاریزان ئیسماعیل یاسین گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئارارات تۆمار کرد، بەڵام یانەی برایەتی لە خولەکی 12ـی یارییەکە لە ڕێگەی لێدانی سزاوە توانی گۆڵی بەرامبەر تۆمار بکات،گێمی یەکەمی یارییەکەش بەم ئەنجامە کۆتایی هات.

ئەمجارەیان لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، هەردوو یانە بەهێرشکردن دەستیان پێکرد، بەتایبەت یانەی ئارارات کە چەندینجار نزیکبوو لەوەی گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات، بەڵام یاریزانانی برایەتی بە باشی بەرگرییان کرد و نەیانهێشت گۆڵیان لەسەر تۆمار بکرێت، بەمەش یارییەکە بەگۆلێک بۆ هەردوولا بەکۆتا هات.

دوای یارییەکە، ئاکار ئیبراهیم یاریزانی یانەی برایەتی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئارارات لەنێو یاریگای خۆ یانەیەکی بەهێز و زەحمەتە، یەکسان بوون بۆ ئێمە خراپ نەبوو، چونکە “یاریی رابردوو لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر توانیمان سێ خاڵ بەدەست بهێنین، کە ئەنجامێکی خراپ نییە بۆ ئێمە”.

هەر ئەمڕۆ، یانەی سەیدسادق لەسەر یاریگەی خۆی بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی شێروانەی بردەوە.

بەم ئەنجامە بێت، یانەی ئارارات بەکۆکردنەوەی 29 خاڵ هاتە پلەی دووەم، هەروەها یانەی برایەتی بە 24 خاڵ لەپلەی چوارەمە.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق