بژێویی ژمارەیەك هاوڵاتییش بوو

قاز و مراوییە قەڵەوەكانی شەروێت بەهۆی وشكەساڵییەوە لەناوچوون

+964
محەمەد عەلی ـ پشدەر

گوندی شەروێت لە پشدەر، ناوبانگی بە قازی خاوێن و قەڵەو دەرکردبوو بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و وشکبوونی سەرچاوە ئاویەکانی گوندەکە، گوندنشینان ناتوانن قاز و مراوی بەخێو بکەن و گوندەکە سیمای بیابانی گرتووە

شێخە وەتمان، دانیشتوی گوندی شەروێت بە964ـی وت، تەمەنم نزیکی 60 ساڵە نەم بینیوە سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکەمان ئاوا کەم بکەن و وشکیان کردبێت، جگە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاوی خواردنەوە، گرفتی بۆ بەخێوکردنی قاز و مراوی و پەلەوەرەکانیش دروست کردووە و ئەمساڵ بەرهەمی قازو مراویمان نەبووە، لەبەر ئەوەی گوندەکەمان ئاوی تێدا نەماوە.

”گوندی شەروێت سەر بە ناحیەی ژاراوەیە لە قەزای پشدەر، ئەو ناوچەیە سێ گوند لە دەوروبەریەتی، بە هەرسێ گوندەکە نزیکەی 350 ماڵن و پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە“

شێخە وەتمان دەڵێت، زۆر لە دانیشتووانی گوندەکە بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی قازەکان بوو، گوندەکە ناوبانگی بە قازی جوان و قەڵە و رۆشتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئاو و تێکچوونی ژینگەکەیان، %80 قاز و مراوی لە گوندەکەیان کەمبووەتەوە و نەماون، ئەوەشی ماوە کز و لاوازن، وەک ساڵانی رابردوو جوان و قەڵەو و خاوێن نین.

” ئەمساڵ بەتەمای قازە جوان و دەرەجە یەکەکەی گوندەکەمان مەبن”، شێخ وەتمان وادەڵێت.

گوندی شەروێت زیاتر لە 60 سەرچاوەی ئاو و کانیاوی هەیە، بە هەمویان چەمێکیان دروست دەکرد و چەمەکەش دەڕژایە زێی بچوکەوە، بەڵام ئێستا سەرجەمیان وشکیان کردووە لەگەڵ بەشێکی  زۆر لە بیرە ئاوەکانیان، کە نەبوونی ئاو هەڕەشە لە گوندەکە دەکات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

وشکەساڵی چەمی گەورەی پێنجوێنی وشک کرد

وشکەساڵی چەمی گەورەی پێنجوێنی وشک کرد