دیمەنێکی یەکێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: 964
گەرما بۆ فێنکی دەگۆڕێ
کەشناسێک: سێشەممە گەلاوێژ دەست بە جوڵە دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
کەشناسێک بە 964ی وت، لە رۆژی 5.8.2025، ئەستێرەی گەلاوێژ دەست دەکات بە جوڵە و 22ی هەمان مانگ و رۆژانی دواتر، بەیانیان کەشێکی ساردی دەبێ، ئیتر رۆژ بەرۆژ هەڵئەکشێت بۆ شەو و سارد دەبێت، رۆژیش ئەو کەشە گەرمایەی نامێنێ.
ئەستێرەی گەلاوێژ، بە تیشكێكی درەوشاوەی وەك كریستاڵ دەبینرێت، پێشینان وایان داناوە لەكاتی دوای بانگی بەیانی، نیشانەیەكە بۆ هاتنی کەشێکی فێنك و سارد، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ گۆڕینی کەشی ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر و بەوە زانراوە، بەنمونە لە هەندێك ناوچە فێنكی درەنگ دێت، وەك ناوچەكانی گەرمیان، لە هەندێكی ناوچەی تر فێنكی زوو دێت وەك ناوچە شاخاوییەكان و كوێستانەكان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.8.2025، سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری كەشناسی بە 964ی وت، ئەستێرەی گەلاوێژ یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەستێرەكانی ئاسمان، كە لە كلتوری كوردیدا نیشانەی گۆڕانی كەشوهەوا و وەرزەكانەو لە هەشت رۆژی كۆتاییەكانی مانگی هەشت دەردەكەوێت، وە دەرکەوتنی گەلاوێژ واتا کۆتایی هاتنی هاوین.
ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی دەڵێ، ئەستێرەی گەلاوێژ لە رۆژی 8.5.2025 هەنگاو دەنێت بۆ 22.8.2025 ئەم چەند رۆژە لەنێو فەجری بەیانی لە رووناكی بەرەو تاریكی دەچێت، هاوكات دواتر لە 23.8.2024 ئەستێرەی گەلاوێژ دەچێتە نێو تاریكی شەوی پێش بەیان دەبینرێت، هەست بەفێنكی و ساردی دەكرێت كە پێیدەڵێن گەلاوێژ كەوتووە و شەش مانگ دەمێنێتەوە.
ئەستێرەی گەلاوێژ یەکێکە لە درەوشاوەترین ئەستێرەکان قەبارەکەی دوو ئەوەندەی خۆرە، رووناکیەکەشی 26 جار لە روناکی خۆر زیاترە، بەڵام لەبەر ئەوەی نۆ ساڵی تیشکی لە خۆرەوە دوورە، هەربۆیە رووناکییەکەی ناگاتە زەوی، ئەستێرەی گەلاوێژ لە کۆئەستێرەی سەگی گەورەیە Canis Major، گەشترین و روناکترین ئەستێرەیە لە ئاسمانی زەوی.