"بە زەحمەت بۆمان دەفرۆشرێ"
بەهەرەوەزی تەماتە دەچنن و 100 تۆن بەرهەمیان هەبووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
خانەوادەیەکی گوندی بەردەشینی ناحیەی گاپیڵۆنی سەر بە قەزای ماوەت، ساڵانە بەهەرەوەزی خەریكی شەتڵكردن و تەمامەتە چنینن و دەڵێن، ئەمساڵ نزیكەی 100 تۆن بەرهەمی تەماتەمان هەبووە.
وەهاب كەریم، كوڕە جوتیارێكی شارباژێڕە و بە 964ـی وت، “ماوەی 12 ساڵە لە یەكێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندی بەردەشینی سەر بە قەزای ماوەت، سەرقاڵی شەتڵكردنی تەماتەین، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ ئەو بەرهەمە خۆماڵییە جوانەمان بۆ ساغ ناكرێتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیكەی پێنج دۆنم لە زەوییەكانمان كردووە بە تەماتە، هەر دۆنمێك 20 تۆن تەماتەی گرتووە و بە كۆی گشتی، ئەمساڵ نزیكەی 100 تۆن بەرهەمی تەماتەمان هەیە.
ئەو خانەوادەیە بە برا و خوشك و هاوسەرەكانیان، لە ناوەڕاستی مانگی 5ـی هەموو ساڵێكەوە تاوەكو كۆتایی مانگی 10 بە هەرەوەزی، سەرقاڵی شەتڵ و چنینی تەماتەن و رسقیان لەسەر فرۆشی ئەو بەرهەمەیە.
“هەر كیلۆیەكی تەماتەكە 300 دینارمان بۆ دەكات و بەرهەمەكەشمان لە عەلوەی سلێمانی ساغ دەكەینەوە”، وەهاب کەریم ئەمەشی وت.
باسی لەوەشکرد، هەرچەندە دەتوانن رۆژانە 10 پیكاب تەماتە رەوانەی عەلوەكان بكەن، بەڵام بە زەحمەت 2 پیكابیان بۆ دەفرۆشرێت و ساغکردنەوەی لە بازاڕدا قورسە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری