هاوڵاتیەکی گەرمیان
تەمەنی حەوت ساڵ بووە لێدانی بەدەست حەجاج خواردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەگەڵ هەواڵی دەستگیرکردنی حەجاج کە بە جەللادەکەی نوگرە سالمان ناوی دەبرێت چەنین کەس بەتایبەت لەگەرمیان سکاڵایان کردووە و یەکێک لە رزگاربوانی ئەنفالیش کە ئەوکات تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بووە باسی بینی حەجاج و ئەو لێدانەی دەکات کە بەدەستی خواردوویەتی.
رێباز غالب، یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەوکات لە قەڵای نوگرە سەلمان بووە بە 964ـی وت، “ئەوکاتە تەمەنم حەوت ساڵان بووە، چەندینجار حەجاج بە کێبڵەکەی دەستی لێی داوم”.
وتیشی، کە دەھاتە ناو زیندانەکەوە کەس بۆی نەبوو سەر بەرز بکاتەوە، ئەگەر ھەرکەسێک جوڵەیەکی نامۆی بکردایە بە کێبڵەکەی دەستی لێی دەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، حەجاج دیمەنێکی ترسناکی هەبووە و بەردەوام چێژی لە ئازاردانی زیندانیەکان وەردەگرت، تەنانەت جارێکیان بە کێبڵکەی دەستی کێشاویەتی بەسەری مندالێک لە باوەشی دایکی و گیانی لەدەستداوە.
رێباز دڵخۆشە بە دەستگیرکردنی حەجاج و دەڵێت، ئەو کاتەی ھەواڵیان پێدام کە گیراوە لە خۆشیا لەماڵەوە شیرینیمان دابەشکردووە، دەشڵێت، سکاڵا لە حەجاج تۆمار دەکەین بۆئەوەی بە سزای خۆی بگات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی