کاری تیمەکان بۆ راکێشانی رێگەی گوندەکە - وێنە: رێگاوبانی سلێمانی
تیمەکان سەرقاڵی کارکردنن
رێگەی قیر بۆ گوندێکی خزمەتنەکراوی گەرمیان دەبرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
تیمەکانی رێگاوبانی گەرمیان، لە پڕۆژەی دروستکردنى رێگاى قیر بۆ گوندى “خوڕخوڕى سەروو” سەر بە ناحیەی مەیدان لە گەرمیان دەستبەکاربوون کە درێژییەکەی زیاتر لە سێ کیلۆمەترە.
لەگەڵ رێگەکە، دروستکردنى چەندین ئاوبارەى کۆنکریتى و چەندین ئاوبارەى بۆرى کۆنکریتى قەبارە جیاواز بناغە دەکرێن، رێگەبان دەڵێ، بەهۆی نەبوونی رێگەوە هیچ خزمەتگوزارییەک بەو گەندە نەگەیەندراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی رێگاوبانی گەرمیان بێت کە ئەمڕۆ شەممە 2.8.2025 بڵاوی کردووەتەوە، بە گوژمەى هەشت سەد و 34 ملیۆن و 416 هەزار دینار، پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێ.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە لایەن کۆمپانیای هەردین جێبەجێ دەکرێ، وە رێژەی ئەنجامدرا تا ئەمڕۆ شەممە، گەیشتووە بە سەرووی 6%، ئەوە لە کاتێدا گوندەکە تاوەکو ئێستا بێ بەشبووە، لە خزمەتگوزارى بەهۆى خراپى رێگاى گوندەکەیان.
بە دروستکردنى ئەم رێگایە، گوندەکە بوژاندنەوەى زیاتر بەخۆوە دەبینێت و دەبێتە دەروازەیەک بۆ چەندین گوندی دیکە، کە لە ئێستادا رێگاى هاتوچۆیان نیە، رێگاوبانی گەرمیان دەڵێ، بە تەواوبوونى ئەم پرۆژەیه، گەشەى زیاتر دەبەخشێت بە ناوچەکە لە بوارەکانى کشتوکاڵ، ئاژەڵدارى و گەشتوگوزار.